
رێبوار به‌كره‌جۆیی
یه‌كێك له‌گرفته‌كانی ئێمه ئه‌وه‌یه كه هاوبه‌شی به‌رده‌وامی شین‌و شایی دۆست‌و نه‌یاره‌كانمانین‌و له‌هیچ سه‌رده‌م‌و ساتێكیشدا پێداچوونه‌وه‌مان نییه بۆ هه‌ڵوێستی نێگه‌تیڤانه‌ی ئه‌وان به‌رامبه‌ربه‌خۆمان، هه‌میشه له‌هه‌وڵی ئه‌وه‌داین نه‌یاره‌كانمان له‌پاكی نیه‌تمان به‌ئاگا بێنینه‌وه‌و له‌برایه‌تیمان دڵنیایان بكه‌ینه‌وه، كه‌چی غروری و عه‌قڵیه‌تی خۆبه‌زلزانین‌و به‌كه‌م روانیینی ئه‌وان بۆ ئێمه له‌دوای ره‌وینه‌وه‌ی ترس‌و نیگه‌رانیه‌كانیان، گرێ كوێره‌یه‌كه‌و به‌ده‌ست‌و ددان لێی ئاڵاوین‌و بۆمان نابێته‌وه .
دیارده‌ی پشووه له‌پڕو هه‌مه‌جۆره‌كان‌و به‌شداری ئێمه‌ش بێ ئیختیار تیایاندا، مشتێكن له‌خه‌رواری ئه‌و ماڵه‌زیاده‌ی له‌هه‌ندێ جاردا سه‌رده‌شكێنێ، كه نه‌ك هه‌ر پێویست نین، به‌ڵكو ده‌چێته‌خانه‌ی كه‌مته‌رخه‌می نواندنی ئێمه به‌رامبه‌ر به‌ئازیزان‌و خۆشه‌ویستانمان كه له پێناوی ئێمه‌دا گیانیان به‌خشیوه، راسته پێكهاته‌ی ئه‌و وڵاته به‌زۆر پێكه‌وه‌لكێنراوه‌ی ئێمه هه‌مه‌چه‌شنه، به‌ڵام ئه‌مه ئه‌وه ناگه‌یه‌نێ كه ئێمه خۆشی ناخۆشییه‌كانمان ئاوێته‌ی یه‌كترین، یان یه‌ك ما‌نایان هه‌بێ لای هه‌موومان، ئه‌وه‌ی لای نه‌ته‌وه‌ی كورد پیرۆز‌و په‌سه‌نده له‌وانه‌یه لای پێكهاته‌یه‌كی تر ئه‌و پیرۆزیه‌ی نه‌بێت‌و به‌پێچه‌وانه‌شه‌وه ئه‌وه‌ی لای پێكهاته‌یه‌كی تر پیرۆز‌و گرنگ بێت لای ئێمه‌ی كوردمانایه‌كی نه‌بێت، جێگای تێرامانه كه‌سێك یادی بۆنه‌یه‌ك بكاته‌وه‌و كار‌و فرمانی خۆی بۆ فه‌رامۆش بكات‌و هیچ په‌یوه‌ندیه‌كی نیشتمانی یان مه‌زهه‌بی‌و ئاینی‌و نه‌ته‌وه‌یی به‌مه‌سه‌له‌كه‌شه‌وه نه‌بێت، كارێكی دروست نییه له‌ئاهه‌نگی سه‌ركه‌وتنی نه‌یاره‌كانتدا سه‌رچۆپی بگری‌و به‌شێكی سه‌ركه‌وتنه‌كانیش له‌دژایه‌تی تۆدا تۆمار كرابێت .
من پێم سه‌یره ده‌بێ كورد به‌درێژایی مێژووی دروستبوونی سوپای عیراق بێجگه له‌ماڵوێرانی‌و كاولكاری‌و گێچه‌ڵ نانه‌وه بۆ ئه‌م وڵاته‌ی ئێمه كه دووانوقلاَنه‌ی گێچه‌ڵه‌كانیشی گه‌له‌كۆمه‌كێی خانه‌قین بوو، چ خێروبێرێكی له‌و سوپایه بینیبێت هه‌تا ده‌وامی رۆژێكی خوێندنی سه‌دان هه‌زار خوێندكاری له‌ساڵیادیدا بۆ بفه‌وتێنرێت، یان كاروباری هاوڵاتیانی وڵاتێكی بۆ فه‌رامۆش بكرێ، ده‌بێ ئازایه‌تی له‌وه‌دا چی بێت، ئه‌گه‌ر خۆ به‌عێراقی زانین بێت، دڵنیام جگه له‌خۆهه‌ڵواسین‌و خه‌ڵه‌تاندنی یه‌كتری (ئێمه‌و ئه‌وان) نه‌بێت شتێكی تر نییه، ده‌نا به‌نمایشێكی سه‌ربازی سنورداریش بوایه ئه‌و یاده له‌كوردستان ده‌كرایه‌وه، كه‌واته كاتی ئه‌وه‌هاتووه به‌خۆماندا بچینه‌وه‌و پشووه نه‌ته‌وه‌یی‌و نیشتمانی‌و ئایینی‌و مه‌زهه‌بی‌و پێكهاته‌ییه‌كان‌و ره‌سمی‌و گشتییه‌كان دیاری بكه‌ین‌و له‌یه‌كتریان جیابكه‌ینه‌وه، كه بێگومان ئه‌مه‌ش كاری په‌رله‌مان حكومه‌ته‌و پێویسته له‌سه‌ره‌تای هه‌مووساڵێكدا پشوو و پێشهاته تایبه‌تی‌و گشتیه‌كان له‌به‌رچاو بگرێ‌و دیاریان بكات‌و له‌ده‌زگا راگه‌یاندنه بیستراو بینراو و نوسراوه‌كاندا په‌خشیان بكات‌و فه‌رمانبه‌رو هاوڵاتیانی لێ ئاگاداربكاته‌وه، بۆ ئه‌وه‌ی جیا له‌پشووه ره‌سمی‌و گشتییه‌كان ئه‌وانیتر ته‌نها پێكهاته‌ی تایبه‌تمه‌ندی بۆنه‌كان پشوویان بێت‌و باقی پێكهاته‌كانی تر ده‌وامی ئاسایی خۆیان بكه‌ن‌و كاروباری وڵات به‌گشتی نه‌وه‌ستێت، چونكه ئه‌م وڵاته زۆر زیاتر له‌وه‌ی پێویسته كه بۆی ده‌كرێ بۆ بوژاندنه‌وه‌و ئاوه‌دانكردنه‌وه‌ی ئه‌گه‌ر مه‌به‌ستمان بێت ئاوه‌دانی بكه‌ینه‌وه، ئه‌مه‌ش له‌به‌رئه‌وه‌ی زۆر و بۆری بۆنه‌و پشووه‌كان ته‌نگیان به‌رۆژانی ده‌وامی ئاسایی هه‌ڵهێناوه‌و خه‌ریكه ساڵه‌كه دابه‌شده‌بێت بۆ په‌نجا به‌په‌نجای ده‌وام‌و پشوو، ئه‌مه بێجگه له‌قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی ئه‌و رۆژانه‌ی كه پشووی ره‌سمین‌و ده‌كه‌ونه رۆژانی هه‌ینی‌و شه‌ممه‌وه، له‌وه‌ش سه‌یرتر دیارده‌ی (به‌ینه پشووه‌ته‌ین پشوو) وه‌ك ته‌رجه‌مه‌ی كوردی كراوه، بووه به ئه‌مری ئیداری‌و به‌رنامه‌ی تێكڕای دام‌و ده‌زگای سه‌ربازی و مه‌ده‌نیه‌كانی ئه‌م وڵاته‌و پێویستی به‌ئاگاداركردنه‌وه نییه له‌سه‌رووی خۆته‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی كه‌سێك لێپرسینه‌وه له‌و باره‌یه‌وه بكات، له‌وانه‌یه به‌ره‌سمی وانه‌بێت، به‌ڵام به‌پراكتیكی ئه‌مری واقعه‌و له‌هه‌موو دام‌و ده‌زگاكانی وڵات ده‌بینرێت‌و كه‌سیش به‌رپرسیار نییه له‌و ناته‌واویه‌ی ده‌وام‌و كاروفرمان، سه‌یره هه‌موومان گله‌یی ئاوه‌دانبوونه‌وه‌ی وڵاتمان هه‌یه‌و یه‌كتری له‌سه‌ر تاوانبار ده‌كه‌ین‌و سه‌ری زمان‌و بنی زمانمان باسی خۆدزینه‌وه‌یه له‌به‌جێگه‌یاندنی ئه‌ركی سه‌رشان له‌لایه‌ن كار به‌رێخه‌ری ده‌زگا خزمه‌تگوزاریه‌كانی وڵات، كه‌چی ئه‌وه‌نده‌ی له‌بیری خۆدزینه‌وه‌داین له‌ئه‌رك‌و فرمان‌و وه‌رگرتنی پشوو، به‌چاره‌گی ئه‌وه‌ش خه‌یاڵمان لای راپه‌ڕاندنی كاره‌كانمان نییه‌و خۆشمان به خزمه‌تكارو دڵسۆزی وڵاتیش ده‌شوبهێنین، خۆناحه‌قیشمان نییه، چونكه زۆری پشووه ره‌سمی‌و لابه‌لاكان جیا له‌وه‌ی كه ئێمه‌ی دووچاری ته‌مه‌ڵی‌و گوێ پێنه‌دان كردووه به‌رامبه‌ر به ئه‌ركی سه‌رشانمان، پرسیارێكیشی بۆ ئێمه‌كردووه به‌دیارده، كه‌بووه به‌وێردی سه‌ر ده‌م‌و زمانی رۆژانه‌ی قوتابی بۆ مامۆستا‌و مامۆستا بۆ به‌رێوبه‌رو فه‌رمانبه‌ر بۆ به‌رپرس‌و سه‌رباز بۆ ئه‌فسه‌رو كارمه‌ند بۆ دكتۆر‌و.... ، كه ئه‌ویش پرسیاری به‌رده‌وامی خه‌ڵكه له‌یه‌كتری (ئه‌رێ به‌یانی ده‌وام هه‌یه ؟!) له‌م مه‌سه‌له‌یه‌شدا كه‌س له‌م وڵاته سوودمه‌ندی ئه‌و پرسیاره نییه ته‌نها ئاسیا سێڵ و هاوپیشه‌كانی نه‌بێت له‌كۆكردنه‌وه‌ی سه‌نته‌كانیاندا .