ئا: سه‌رباز سیامه‌ند
قسه‌كردن له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانی پارله‌مان‌و سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان, قسه‌گه‌لێكی زۆری خوڵقاندووه‌و سیاسییه‌كان به‌شێوه‌یه‌ك گوزارشتی لێده‌كه‌ن‌و رۆژنامه‌نووسانیش به‌شێوه‌یه‌كی تر. رۆژنامه‌نووس سمكۆ محه‌مه‌د بۆچوونی تایبه‌ت به‌خۆی له‌مه‌ڕ ئه‌و پرسه‌و ته‌واوی پرسه سیاسییه‌كان هه‌یه‌و به‌شێكی زۆری دیمه‌نه‌كانی ئه‌مدواییه به‌سینارۆیه‌كی سیاسی له‌قه‌ڵه‌مده‌دات‌و له‌م دیداره‌دا له‌گه‌ڵ ئاڵای ئازادی وه‌ڵامی پرسیاره‌كان ده‌داته‌وه.
جیاوازییه‌كانی هه‌ڵبژاردن له‌هه‌رێم
له‌ده‌ستپێكی دیداره‌كه‌دا، له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكی هه‌رێم‌و په‌رله‌مانی كوردستان كه بڕیاره له25ی مانگی ته‌مووزی 2009 ئه‌نجامبدرێت، سمكۆ باس له‌وه‌ده‌كات كه ئه‌مه جاری سێیه‌مه له‌هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵبژاردن ئه‌نجامده‌درێت‌و له‌و رووه‌شه‌وه بۆچوونی وایه، جار له‌دوای جار جیاوازی تێكه‌وتووه، ئه‌و ده‌ڵێت "به‌شێوه‌یه‌ك له‌شێوه‌كان ئه‌گه‌ر گۆڕانه‌كان فۆرمیش بن ده‌رفه‌تدراوه به‌لایه‌ن‌و كیانه سیاسییه‌كان خۆیان بۆ په‌رله‌مانی كوردستان هه‌رڵبژبَرن، به‌ڵام ئه‌وه‌ی كه جیاوازییه‌كه دروستناكات له‌گه‌ڵ هه‌ڵبژاردنه‌كانی پێشوو, ئه‌وه‌یه كه له‌په‌رله‌مانی ئه‌مجاره‌ش نوێنه‌رایه‌تی خۆیان یان نوێنه‌رایه‌تی جه‌ماوه‌ری كوردستان ناكه‌ن كه له‌بنه‌ڕه‌تدا ده‌بێت ئه‌مه موناقه‌شه‌ی زۆری له‌سه‌ر بكرێت".
رێكه‌وتنی پارتی‌و یه‌كێتی‌و..
سمكۆ محه‌مه‌د، تێڕوانینی خۆی بۆ هه‌ڵبژاردن وه‌ها باسكرد كه له‌لایه‌ك سروشتییه‌و له‌لایه‌كی تریشه‌وه ناسروشتی به‌هه‌ڵبژاردنه‌وه دیاره، "لایه‌نه سروشتییه‌كه‌ی ئه‌وه‌یه كه ئه‌وانه‌ی دژیشن هاتوونه‌ته نێو پرۆسه‌كه‌وه‌و لیستیان هه‌یه، بۆیه تا ئه‌و شوێنه‌ی حاڵه‌ته‌كه به‌فۆڕم ده‌بینین سروشتییه, چونكه سیاسه‌ت له‌كوردستان به‌و ئاراسته‌یه ده‌ڕوات, تائه‌و شوێنه‌ی فێری یه‌كتر قبوڵكردن ده‌بین, ئه‌م شێوازی كاركردنه به‌رده‌وامده‌بێت، به‌ڵام حاڵه‌ته ناسروشتییه‌كه ئه‌وه‌یه له‌ناو پرۆسه‌كه لیستی جیاواز‌و كاراكته‌ری جیاواز ده‌بینین، كاتێك مرۆڤ وردبین بێت زۆر هه‌ستی پێناكات كه دۆخه‌كه سروشتییه، له‌به‌رئه‌وه‌ی رێكه‌وتنی ستراتیژی یه‌كێتی‌و پارتی زۆر شتی به‌نهێنی هێشتۆته‌وه، چه‌ندین زانیاری هه‌یه مرۆڤ ناتوانێ ده‌ستی بكه‌وێت، چونكه له‌كۆبوونه‌وی پشتی په‌رده رێكه‌وتنی له‌سه‌ركراوه".
حاڵه‌تی شاز له‌هه‌رێم
سمكۆ محه‌مه‌د پێیوایه، ئه‌و حاڵه‌تانه‌ی له‌كوردستان هه‌ن "شازن"، چونكه به‌بڕوای ئه‌و له‌كه‌م وڵات‌و جوگرافیای جیهاندا هه‌ن، "كوردستان به‌زۆر قۆناغی مه‌ترسی‌و گێژاودا تێپه‌ڕیكردووه, به‌ڵام هێشتا ناتوانێت مه‌ده‌نیانه مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن بكات. ده‌توانین ئه‌مه به‌نه‌زه‌ری ئیعتبار وه‌ربگرین، بۆئه‌وه‌ی بتوانین هه‌ڵبژاردن‌و هه‌ڵسوكه‌تی حزبه‌كانی پێ هه‌ڵسه‌نگێنین, یان بیكه‌ینه مه‌رج بۆ ئه‌وان كه چه‌نده خروقات ده‌كرێت‌و چه‌ند پابه‌ندی یاسا ده‌بن، ئێمه هێشتاكه نه‌چووینه‌ته ناو پرۆسه‌كه‌وه، به‌ڵام بانگه‌شه‌ی ئه‌وه ده‌كرێت كه پرۆسه‌كه به‌پاكی به‌ڕێوه‌ده‌چێت، به‌ڵام من باوه‌ڕم وانییه كه هه‌ڵبژاردنه‌كه به‌پاكی به‌ڕێوه‌بچێت، هه‌روه‌كو چۆن لیسته‌كانیش ئێستا بۆخۆیان له‌گه‌مه‌یه‌كی سیاسیدان".
رۆژنامه‌كان رۆڵی خراپ ده‌گێڕن
سمكۆ محه‌مه‌د پێیوایه، له‌هه‌ڵبژاردنه‌كانی هه‌رێمی كوردستانیشدا ده‌وڵه‌تانی دراوسێ رۆڵی سه‌ره‌كی ده‌گێڕن، هه‌روه‌ك له‌و نێوه‌نده‌شدا رۆڵی رۆژنامه‌كان به‌نێگه‌تیڤ له‌قه‌ڵه‌مده‌دات.
سمكۆ ده‌ڵێت "ئه‌وه‌ی تائێستا دیاره له‌فۆڕمدا جیاوازییه‌كان قبوڵكراوه هه‌ر له‌فۆڕمدا پرۆسه‌كه ئاسایی به‌ڕێوه‌ده‌چێت, هه‌ندێجار لێره‌و له‌وێ شه‌ڕی راگه‌یاندن ده‌ستپێده‌كات كه رۆژنامه‌كانیش رۆڵی خراپی تێدا ده‌بینن، چونكه زۆربه‌یان دروستكراوی دوو حزبه گه‌وره‌كه‌ن".
ئه‌و رۆژنامه‌نووسه رایده‌گه‌یه‌نێت به‌له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وه‌ی مه‌حفه‌لی نێوده‌وڵه‌تی، ئه‌مه‌ریكا‌و رۆژنامه‌گه‌ری لۆكاڵیش چاودێری ره‌وشه‌كه ده‌كه‌ن، "به‌ڵام نابێت ئه‌وه‌مان له‌بیر بچێت ئه‌وه‌ی كه له‌سه‌ر هێڵه بۆ چاودێریكردنی هه‌ڵبژاردنی هه‌رێمی كوردستان, خودی ده‌وڵه‌تێكی وه‌ك ئێران‌و توركیایه كه‌هه‌میشه ده‌ستیان له‌كاروباره‌كانی هه‌رێمی كوردستاندا هه‌بووه‌و خودی مالیكی‌و هێزه عێراقییه‌كانیش به‌ئاراسته‌یه‌كی خراپ مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م پرۆسه‌یه ده‌كه‌ن، له‌به‌رئه‌وه پێموایه ئه‌م سیناریۆیه دروستكراوه بۆئه‌وه‌ی هه‌موو لایه‌ك قه‌ناعه‌ت پێبكه‌ن كه به‌پاكی پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن ده‌به‌ن به‌ڕێوه، بۆئه‌وه‌ی بڵێن ئه‌وه‌تا لیستی جیاوازمان هه‌یه، به‌مه‌ش په‌رله‌مان‌و حكومه‌تێكی مۆدێرن دروستده‌كه‌ین".
كوردستان‌و هه‌ڵبژاردن‌و خروقات
سمكۆ محه‌مه‌د پێی وانییه له‌جوگرافیای هه‌رێمی كوردستان هه‌ڵبژاردنی پاك‌و بێگه‌رد به‌ڕێوه‌بچێت، هه‌روه‌ك به‌مشێوه‌یه په‌یڤی "ئه‌م قه‌واره‌و حكومه‌ته‌ی كه یه‌كێـتی‌و پارتی له‌ناوچه‌كه ده‌یبه‌ن به‌ڕێوه ئه‌گه‌ر پاڵپشتێكی گه‌وره‌شیان هه‌بێت، به‌ڵام نه‌یارێكی زۆریان هه‌یه، ره‌نگه له‌م مه‌یدانه‌دا خه‌ڵكێك هه‌بێت به‌ئاراسته‌یه‌كی نێگه‌تیڤ دژی یه‌كێتی‌و پارتی كاربكات, ئه‌وانیش ناچارده‌بن مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ ئه‌م ره‌وشه‌دابكه‌ن، پاساو بۆ یه‌كێـتی‌و پارتی ناهێنمه‌وه كه خروقات ده‌كه‌ن‌و له‌زۆر شوێن كێشه دروستده‌كه‌ن، به‌ڵام ده‌بێت ئه‌وه‌شمان بیرنه‌چێت كه‌سیناریۆی سیاسی له‌ئاستی تێگه‌یشتنی ئێمه قورستره، زۆرجار ده‌سه‌ڵات سیناریۆی سیاسی وا دروستده‌كات كه ئێمه هه‌ستی پێناكه‌ین، ئێمه شاهیدی ئه‌وه‌ین كه ساڵی 2005 یه‌كگرتووی ئیسلامی كوردستان له‌دهۆك باره‌گایان سوتێندرا, له‌سلێمانیش به‌هه‌مانشێوه كێشه‌یان بۆحزبه چه‌په‌كان‌و بزوتنه‌وه‌ی ناڕه‌زایی له‌گه‌رمیان نایه‌وه، به‌ڵام دواجار ده‌ركه‌وت به‌شێكی زۆری ئه‌و كارێكته‌ره ناڕازییانه دروستكراوی پارتی‌و یه‌كێتی بوون".
سمكۆ باس له‌وه‌ده‌كات، نابێت به‌فۆڕم له‌شته‌كان بڕوانرێت‌و وا به‌سانایی له‌پیاڵه‌یه‌ك ئاودا مه‌له بكه‌ین، "به‌قه‌د ئه‌وه‌ی من ورد ده‌بمه‌وه له‌م مه‌سه‌له‌یه, پارتی‌و یه‌كێـتی زۆر ئاقڵانه‌تر له‌جاران مامه‌ڵه له‌گه‌ڵ پرۆسه سیاسییه‌كه ده‌كه‌ن. هه‌روه‌ك چۆن ئه‌مریكا دوای رووخانی یه‌كێتی سۆڤیه‌ت, هیچ هێزێك نه‌ما دژایه‌تی بكات, بۆیه ئیسلامییه‌كان‌و ره‌وتی تیرۆریزمی سیاسی نێوده‌وڵه‌تی دروستكرد, به‌بیانووی ئه‌وه‌ی كه شه‌ڕ به‌رده‌وامبێت‌و هه‌یمه‌نه‌ی خۆی له‌هه‌موو دونیا گه‌وره‌تر بكات كه‌ئێستا باراك ئۆباما خه‌ریكه چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌یه ده‌كات به‌گوتارێكی ساده ئاڵوێر ده‌كات له‌گه‌ڵ نیشتمانی عه‌ره‌بی به‌گشتی‌و جیهانی ئیسلامی له‌ناوچه‌كه, هه‌روه‌ك ئه‌وه‌ی له‌سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ سعودیه‌و میسر‌و له‌گوتاره‌كه‌یدا بینیمان".
گه‌مه‌ی سیاسیی له‌هه‌رێمی كوردستان
ئه‌و رۆژنامه‌نووسه ده‌ڵێت، خه‌ڵكی كوردستان كه له‌یه‌كێـتی‌و پاتی ناڕازییه، هۆكاره‌كه‌ی ئه‌وه‌یه له‌ماندوێتیدا ژیاوه‌و وه‌ك پێویست خزمه‌تنه‌كراوه، "په‌خشكردنی پاره‌و ته‌واوكردنی پڕۆژه خزمه‌تگوزارییه‌كان‌و هه‌مواركردنی یاساكان له‌په‌رله‌مان به‌په‌له‌و هتد. به‌شێكی ئه‌و كارانه‌ن كه پارتی‌و یه‌كێتی ناچاركردووه خه‌ڵكی پێڕازی بكه‌ن, له‌م رۆژانه‌دا په‌رله‌مان واده‌ی یاسایی خۆی ته‌واوكرد، به‌ڵام ده‌یانه‌وێت به‌پێی یاسا ماوه‌كه‌ی درێژبكه‌نه‌وه تا هه‌ڵبژاردن، ئه‌مه بۆ؟ له‌به‌رئه‌وه‌ی چه‌ند یاسایه‌ك ماوه هه‌مواربكرێت، ئه‌م گه‌مه سیاسییه له‌ناو یاسادا له‌زۆر وڵات هه‌یه، بۆنمونه له‌لوبنان هه‌بوو كاتی خۆی كه شه‌ڕی ناوخۆ له‌ئارادابوو ماوه‌ی چه‌ند ساڵێك په‌رله‌مان درێژده‌كرایه‌وه كه واده‌ی یاسایی نه‌مابوو، لێره‌ش هه‌مان ماده‌یان هه‌مواركردووه كه‌خه‌ڵك به‌بێئه‌وه‌ی بتوانێت ره‌خنه بگرێت‌و ره‌خنه‌كان پوچه‌ڵبكه‌نه‌وه, ئه‌وه‌ی كه خروقاتده‌كه‌ن به‌رامبه‌ر لیستی تر‌و حزبی تر كه له‌به‌رامبه‌ریان وه‌ستاون، هه‌ندێكیان ده‌مارگرژی حزبییه‌و به‌شێكی زۆریان سیناریۆن، ئه‌گینا ئه‌وان چاكده‌زانن چاودێری نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه‌و نابێت خروقات بكه‌ن، به‌ڵام خروقاتیش ده‌كه‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌ی هه‌موو كار‌و كرده‌وه‌كانی یه‌كێتی‌و پارتی له‌سیناریۆ ده‌رناچێته ده‌ره‌وه, سینارۆش له‌سیاسه‌تدا له‌ته‌واوی ده‌وڵه‌تانی دونیادا هه‌یه, به‌ڵام له‌كوردستان زۆر ئاشكراتر دیمه‌نه‌كانی ده‌بینرێن".
یه‌كێتی، پارتی، عێراق، توركیا
له‌باره‌ی لیستی هیوا كه رێگه‌ی پێنه‌درا به‌شداری هه‌ڵبژاردن بكات سمكۆ محه‌مه‌د رایگه‌یاند، به‌له‌به‌رچاوگرتنی هه‌موو كێشه سیاسییه‌كانیان, من له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌دام "هیوا" به‌شداری هه‌ڵبژاردن بكات وه‌ك مافێكی یاسایی سیاسی، چونكه كاری ئاشكرا‌و یاسایی كاری مه‌نتقی سیاسییه، مادام ده‌چێته ناو پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن كه پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردن یاسایی‌و مه‌ده‌نییه، ده‌بێت دان به‌م یاسایه‌دا بنێیت ئینجا به‌هه‌رمه‌رجێك بێت، دواتر بچنه په‌رله‌مان‌و ئه‌و یاسایانه قبوڵنه‌كه‌ن‌و له‌وێ فشاربخه‌نه سه‌ر ده‌سه‌ڵات, بۆئه‌وه‌ی له‌په‌رله‌مان جارێكی تر ئه‌و یاسایه هه‌موار بكرێته‌وه, تاوه‌كو جارێكی دی‌و بۆ حزبێكی تر وه‌ها مامه‌ڵه نه‌كرێت نه‌ك له‌ده‌ره‌وه‌ی یاسا بێن‌و شه‌ڕی یاسا بكه‌ن, "به‌ڵام كێشه‌ی لیستی هیوا كه لیستی پارتی چاره‌سه‌ری دیموكراتی كوردستان, كێشه‌ی خۆی نییه, به‌قه‌د ئه‌وه‌ی باجی ئه‌وه‌ده‌دات نزیكایه‌تی له‌گه‌ڵ په‌كه‌كه هه‌یه‌و په‌كه‌كه‌ش له‌هاوكێشه سیاسییه‌كاندا هێشتا له‌لیستی تیرۆریزمدایه, بۆیه شانسی لیستی هیوای نه‌هێشتۆته‌وه بۆ ئه‌وه‌ی به‌شداری بكات, پارتی‌و یه‌كێتیش له‌به‌ر دڵگرانبوونی عێراق‌و توركیا, ناتوانن لیستی هیوا قبوڵبكه‌ن".
"ریفراندۆمی جه‌ماوه‌ری بۆ ده‌ستوور نایاساییه"
هه‌وڵێك هه‌یه بۆئه‌وه‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان بخرێته ده‌نگدانی جه‌ماوه‌رییه‌وه‌و به‌شێكبێت له‌پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان، ئایا چۆن لێی ده‌ڕوانی، له‌وه‌ڵامدا سمكۆ محه‌مه‌د وتی "من نه‌مزانیوه كه‌سێك ده‌ستووری بینیبێت‌و ته‌واوی ماده‌كانی شاره‌زابێت, كاتێكیش هه‌وڵده‌درێت بخرێته پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه, به‌هه‌وڵێكی نایاسایی ده‌یبینم ئه‌مه له‌لایه‌ك, له‌لایه‌كی تر تائێستا به‌شێكی زۆر له‌پارله‌مانتاره‌كانیش نه‌یانبینیووه, ده‌بوو ده‌ستووری كوردستان بخرایه‌ته به‌رده‌م خه‌ڵك‌و ناوه‌ڕۆكه‌كه‌یان ببینیایه, ئه‌وكات بخرایه‌ته نێو هه‌ڵبژاردنه‌كانه‌وه, ئه‌مه له‌كاتێكدا هێشتا ده‌ستووری عێراق كێشه‌ی زۆری تێدایه‌و ده‌بێت ده‌ستووری كوردستانیش دژایه‌تی له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌ستووره نه‌بێت, ئیدی چۆن ده‌بێت ده‌ستوورێك له‌پاشكۆی ده‌ستوورێكی تربێت‌و كێشه‌ی تێدابێت, بخرێته پرۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه, ئه‌گه‌ر ئه‌مه ته‌كتیكێكی سیاسی بێت له‌به‌رامبه‌ر حكومه‌تی مه‌ركه‌زی عێراقی كارێكی باشه, به‌پێچه‌وانه‌وه كارێكی نایاساییه".